وەزیری دەرەوەی ئێران: دڵنیاین بەئەگەری ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ واشنتۆن
ئەمڕۆ یەکشەممە "عەباس عێراقچی"وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی دەتوانێت بگاتە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و بێلایەنانە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە گەرەنتی ئەوە بکات ئێران چەکی ئەتۆمیی نەبێت.
"عێراقچی" لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئاژانسی موتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و بێلایەن کە گەرەنتی نەبوونی چەکی ئەتۆمیمان بکات، تەنانەت لە ماوەیەکی کورتیشدا شتێکی گونجاوە و دەکرێت بەدی بهێنرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد : تاران چاوەڕێی هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا و ڕێزگرتن لە مافەکەی دەکات بۆ بەردەوامبوون لە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتییانە.
هەروەها ڕوونیکردەوە: ئێمە ئامادەی جەنگین لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکان، و ئەگەری زۆرە ململانێکان سنوورەکانی ئێران تێپەڕێنن.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاند: جەنگ بۆ هەمووان دەبێتە کارەسات و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەبنە ئامانج.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: متمانەمان بە واشنتۆن وەک هاوبەشێکی دانوستانکار لەدەستداوە، بەڵام ئاڵوگۆڕکردنی پەیامەکان لە ڕێگەی وڵاتە دۆستەکانەوە ئاسانکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی بەرهەمدار.
