وەزیری نەوتی عێراق: كاری جددی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەكەین
حەیان عەبدولغەنی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ كاروباری وزە و وەزیری نەوتی عیراق، لە سەردانیدا بۆ كۆمپانیای نەوتی باكور و كردنەوەی ژمارەیەك پڕۆژە لە شارەكە رایگەیاند: كەركوك پێویستی بە پڕۆژەی وەبەرهێنانی زیاترە و كاردەكەین قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت بگاتە 600 هەزار بەرمیلی رۆژانە، لەبارەی هەرێمی كوردستانیشەوە رایگەیاند: ئامادەین نەوتی هەرێم وەربگرین و كاری جددی دەكەین بۆ دەستپێكردنەوە بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بە زووترین كات.
ئەمڕۆ 6ی 8ی 2025، حەیان عەبدولغەنی جێگری ئەنجومەنی وەزیران بۆ كاروباری وزە و وەزیری نەوتی عیراق، گەیشتە كەركوك و لەلایەن رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك و محەمەد حافز سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەوە پێشوازیی لێكرا، دواتر سەردانی كۆمپانیای نەوتی باكوری كرد و ژمارەیەك پڕۆژەی كردەوە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا رایگەیاند: "كەركوك پێویستی بە پڕۆژەی وەبەرهێنانی زیاترە، بۆیە وەبەرهێنان لە كەرتی سووتەمەنی كەركوك زیاتر دەكەین و كاردەكەین قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە كەركوك بگاتە 600 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، لە كاتێكدا ئێستا بەرهەمی نەوتی كەركوك لە چوار كێڵگەی نەوتی نزیكەی 350 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە".
وتیشی: "پارێزگای كەركوك پێویستی بە پەرەپێدان و رەخساندنی هەلی كاری زیاترە بۆ گەنجان، بۆ ئەمەش پێویستە پەرە بە پڕۆژەكانی نەوت بدەین، هاوكات عیراقیش پێویستی زۆری بە بەرهەمهێنانی گاز هەیە".
