وەزیری پێشمەرگە: هاوکاری ئەمریکاو هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، دڵنیابوینەوە هاوكاری ئەمریكاو هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت،وتیشی هەوڵەكانیان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چاكسازی لە وەزارەتەكەیان چڕتر كردونەتەوەو.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ دوشەممە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ دێک پایلویک، بەرپرسی نوسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و تیمێکی سەربازی یاوەری کرد.
لەبەشێکی کۆبونەوەکەدا، بەپێی راگەیەندراوەكە، دەربارەی دوایین بەرەوپێشچونەکانی پرۆسەی چاکسازی و بنیاتنانی دو ناوچەی سەرکردایەتی سەربازی و فیرقەکانی پیادە لە وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆکرا، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: پرۆسەی چاکسازی بەردەوامەو هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنی چاکسازی چڕترکردۆتەوە.
لەبارەی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسی نوسینگەی هاریکاری ئاسایش گفتوگۆیانکرد، وەزیری پێشمەرگە ستایشی پشتیوانی بەردەوامی ئەمریکا و هاوپەیمانانی کرد بۆ وەزارەتی پێشمەرگە راشیگەیاند: "هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە قۆناغی گەشەسەندن و بەهێزبوندایە بۆ ئەمەش پێویستمان بە هاوکاری دۆستەکانمانە لە سەرو هەمویانەوە ئەمریکا، دڵنیابوینەوە ئەمریکاو هاوپەیمانان لە هاوکاری و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبن."
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، کۆڵۆنێڵ دێک پایلویک رایگەیاند: بەردەوام هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەبین بۆ بنیتانانی ژێرخانێکی سەربازی نیشتمانی بەهێز و بە ئامانج گەیاندنی پرۆسەی چاکسازی.
