وەزیری ڕاگەیاندن و ڕەوەندی ئیسرائیل: شەڕ لە نێوان وڵاتەكەی و سوریا حەتمەییە
عەمیحای شیکلی، وەزیری ڕاگەیاندن و ڕەوەندی ئیسرائیل ڕایگەیاند، شەڕ لە نێوان وڵاتەكەی و سوریا حەتمەییە و ڕودەدات، ئەوەش لەكاردانەوەی دروستبونی گرژییەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوی سنوری نێوان هەردو وڵات.
عەمیحای شیکلی، وەزیری ڕاگەیاندن و ڕەوەندی ئیسرائیل ئەمڕۆ چوارشەممە لە پەیامێكی كورتدا لە پەرەی تایبەتی خۆی لەسەر پلاتفۆرمی "X" بڵاویكردەوە، "جەنگ لەگەڵ سوریا حەتمییە". لێدوانەکانی شیکلی لە سایەی زیادبونی گرژییەکان لەسەر سنور هات، دوای ڕوداوی تەقەکردن و بۆمبی دوکەڵ لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی سوری لە قونەیترە.
بەپێی کەناڵی 12ی ئیسرائیلی، تویتەکە وەک لێدوانێک بوە لەسەر گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە سەربازانی سوپای سوریا دەردەکەون لە کاتی ئاهەنگەکانی ساڵیادی ڕوخانی ئەسەددا و دەڵێن، "غەززە، غەززە، بانگەوازی یەکێتییەکەمان، سەرکەوتن و هێزمان، بە شەو و ڕۆژ".
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرۆنۆت"، ڕوداوەکەی قونەیترە هاوکات بوە لەگەڵ گەشتێکی مەیدانی مایک واڵز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتوەکان و دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ناوچەکە.
بەپێی ڕۆژنامە عیبرییەکە، بەلایەنی کەمەوە دو هاوڵاتی مەدەنی سوری برینداربون بەهۆی ئەوەی سوپای ئیسرائیل بە "تەقەی ئاگادارکردنەوە" وەسفی کردوە.
