وەزیری کاروباری ئایینی ژمارەی هاوڵاتیانی هەرێم ئاشکرا دەکات کە لە مەککە گیانیان لەدەستدا
پێشوازی لەگەڕانەوەی یەکەمین کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان کرا.
ئەمڕۆ دووشەممە (24ـی حوزەیران 2024)، لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر پێشوازی لەگەڕانەوەی یەکەمین کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان کرا.
لەمیانی وتەیەکدا پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەفڕۆکەخانەی هەولێر ڕایگەیاند، ژمارەی حاجیانی کوردستان 4685 کەس بوون، بەداخەوە حاجیەکمان لەم ژمارەیە لەکاتی حەجدا کۆچی دوایی کردووە، دوای ڕەزامەندی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بڕی سێ ملیار دیناری بۆ حاجیان دابینکرا ئەویش بۆ باشترکردنی کوالێتی خزماتگوزاریە جیاوازەکان وەک تەندروستی، ھاتوچۆ، شوێنی حەوانەوەی حاجیان.
هەروەها گوتی: مایەی نیگەرانیمان بوو سەرەرای ھۆشداری بەردەوام خەڵکانێکی زۆر کە ژمارەیان نزیکەی 15 ھەزار کەس بوون بەڕێگەی جیاوازو ڤیزەی ساڵی و موجامەلە سەردانی مەککەی پیرۆزیان کردبوو، لەمانە بەھۆی نەبوونی ئیدارەو تەندروستی و شوێنی گونجاو، توشی ئەزیەت بوون و بەھۆیەوە نزیکەی 29 کەس لە ھاونیشتمانمان گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی وتەی پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، 30 هاوڵاتی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج گیانیان لەدەستداوە.
