وەفدی دانوستانکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە
هەردوو وەفدی دانوستانکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا کە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 30ـی تشرینی دووەمی 2024، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی بەڕێوەچوو، شاندی پارتی بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری و پشتیوان سادق باسیان لە بابەتی قۆناغی پاش هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرد و ئەگەر و ئامادەکارییەکانی چۆنییەتی کارکردن بەشێوازێکی هاوبەش.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشی پارتی و یەکێتیی، هەردوو وەفدی دانوستانکاری پارتی و یەکێتیی ئامادەییان دەربڕی بۆ درێژەدان بەکۆبوونەوەکانی نێوانیان و هەموو حیزب و لایەنە کوردستانییەکانی تریش بۆ گفتوگۆکردن لە چۆنیەتی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم.
شایەنی باسکردنە، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووە شاندێکی دانوستکارانی پارتی بە سەرۆکایەتیی پشتیوان سادق سەردانی نەوەی نوێیان کرد و لەگەڵیان کۆبوونەوە.
شاندەکەی پارتی پێکهاتبوون لە پشتیوان سادق ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و دڵشاد شەهاب ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی، لەکۆبوونەوەکە گفتوگۆیان لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
هەر لە سلێمانی، دوای نەوەی نوێ شاندەکەی پارتی سەردانی یەکێتیی و چەند لایەنێکی تری کرد لەسەر پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
ئەمەش لەکاتێکدا، ڕۆژی 7ـی ئەم مانگە، میدیای جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاندبوو، کە ئامادەن لەحکومەتدا بەشداربن ئەگەر پۆستی سەرۆک وەزیران بەدەست نەوەی نوێوە بێت یان تەواوی پۆستەکانی سەرۆکایەتی هەرێم، پەرلەمان و 23 وەزارەتەکە بەدەست ئەوانەوە بێت.
بەگوێرەی میدیای NRT نزیک لە نەوەی نوێ، بەپێی پرۆژەکەی نەوەی نوێ هەرلایەنێک سەرۆک وەزیران وەربگرێت تەواوی پۆستەکانی تر بۆ لایەنەکەی تر دەبێت.
نەوەی نوێ ڕاشیگەیاندبوو: ئێمە لەو لایەنانە نین کە بە سێ چوار وەزارەت رازی بین و بچینە حکومەت و ئامانجی ئێمە گۆرانکارییە لە حکومرانی و خزمەتکردنی خەڵکە، هەروەها ئامانجمان کۆتاییهێنانە بەو شێوازە شکستخواردوەی حکومرانی پارتی و یەکێتی کە لە رابردوودا هەبووە.
زانیاری زیاتر...
ئەو سەردانەی شاندی پارتی و یەکێتیی بۆ نەوەی نوێ و لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت، دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو 26ـی تشرینی دووەمی 2024، دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، کە سەرۆکایەتی هەرێم ڕۆژی یەکەمی دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دیاریکرد و گوتی: "ڕۆژی 2ـی تشرینی یەکەمی 2024، دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت".
كلمات مفتاحية
- پارتی دیموکراتی کوردستان
- یەکێتیی
- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
- پارتی
- کابینەی دەیەم
- هەڵبژاردن
- نێچیرڤان بارزانی
