پاداشتی دارایی فەرمانبەرانی رۆژی دەنگدان دابەشدەکرێت
ئەمڕۆ یەکشەممە،کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دابەشکردنی پاداشتی دارایی بۆ فەرمانبەرانی رۆژی دەنگدان کە بەشداریان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ساڵی 2023کردووە، ڕاگەیاند.
کۆمسیۆن لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە : سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی کە بەشداریان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ساڵی 2023کردووە، سوپاس و پێزانینی خۆمانیان پێشکەش دەکەین بۆ ئارامگرتن و خۆڕاگریەیان لە چاوەڕوانیدا، ئێوە هەمیشە پشتیوانی کۆمسیۆن و نیشتمان بوون و سەرچاوەی هێز بوون بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن.
هەروەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە : دەمانەوێت ئاگادارتان بکەینەوە کە دەست بە دابەشکردنی پاداشتەکانتان دەکەین دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی بۆ خەرجکردنی پاداستەکەتان ، کە لە ڕێگەی گەنجینەکانی بەغدا و پارێزگاکانەوە دابەش دەکرێت، بۆ ئەو بڕە پارانەی کە پێشتر گوازرابوونەوە بۆ حسابی وەزارەتی دارایی لە مانگی ئابی 2024 .
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە : کە کێشەی دابەشکردنەکە مەرجی وەزارەت بوو کە دەبوو خەرجکردنەکە لە ڕێگەی کارتی بانکیەوە بێت، بەڵام دوای نووسراوەکان ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر خەرجکردنی بە شێوەی (کاش)،هەروەها جەخت لەسەر پابەندبوونی بەردەواممان بە مافەکانتان دەکەینەوە و سوپاسی هەوڵە گەورەکانتانین لە خزمەتی پرۆسەی دیموکراسیدا.
