پارتی: هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس لە پەرلەمانی عێراق هەنگاوێکی گرنگ و پێویست بوو
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاندراوێكی سەبارەت بە دەنگدان و پەسەندکردنی (یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس) لەلایەن پەرلەمانی عێراق و گەڕاندنەوەی زەویوزارە زەوتکراوەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان بڵاوكردەوە.
مەکتەبی سیاسیی پارتی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بە "هەنگاوێکی گرنگ و پێویست" ناو بردووە و بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە نوێنەرانی پارتی و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەی پارتی هاتووە: "هیوادارین ئەو هەنگاوە هاندەری زیاتر قووڵکردنەوەی گیانی یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و پتەوکردنی بنەماکانی بنیاتناوەی عێراقی نوێ بێت".
بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە نوێنەرانی پارتیمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکەین کە ڕۆڵی کوردستانیانە و نیشتمانیانەیان بینی، هەروەها دەستخۆشی و پێزانینمان ئاراستەی ئەو هێز و لایەنانە دەکەین کە ڕۆڵیان هەبوو لە تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژە یاسایە بە ئامانجی گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەن ماف و چارەسەرکردنی غەدرێکی دەیان ساڵە کە بەرامبەر کورد و تورکمانی شاری کەرکووک کراوە.
