پارێزگارى هەولێر:"پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بەبێ هیچ كێشەیەك و بە ئارامی بەڕێوە دەچێت"
ئهمڕۆ یهكشهممه،ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بەبێ هیچ كێشەیەك و بە ئارامی بەڕێوە دەچێت.
خۆشناو لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگهیاند" سەردانی چەند بنکەیەکی دەنگدانمان کرد. بە خۆشییەوە لە سەرجەم بنکەکاندا پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بەبێ هیچ گرفتێک بەڕێوە دەچێت.
ئومێد خۆشناو ئاماژهی بۆ ئهوهیش كرد كه ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لە پارێزگای هەولێر 111 هەزار و 839 کەسن کە لە 79 بنکە و 385 وێستگە دەنگ دەدەن ، وتیشی "کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر نەماوە، ئامێرەکانیش تازەن و تا ئێستا گرفتی گەورە ڕوویان نەداوە. سوپای هەموو لایەنەکان دەکەم بۆ بەشدارییان لە ئامادەکاریی بۆ ئەم پرۆسە گرنگە".
لە سەردانەکەیدا پارێزگارى هەولێر، دواى ئەوەى بەدواداچوونى بۆ چۆنیەتى بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە کرد و سەردانى چەند وێستگەیەكی دەنگدانى کرد، تەئکیدی لە تەواوی ئامادەکارییەکان کردەوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیشدا وێڕای دەستخۆشی لە نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ، دڵنیاییدا پرۆسەکە بە ئارامی و بێ کێشە و بەسەركەوتووی لەسنووری پارێزگای هەولێر بەڕێوەدەچێت.
ئاشكراشی كرد وەكو حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرچییەکی لە توانادا بووە كراوە، تاکو پرۆسەکە بە ئارامی و دروستی بێ کێشە و گرفت بەڕێوە بچێت.
ئاماژەشی بەوەش دا ، تاکو ئیستە هیچ گرفتێکی وا نەبووە ببێتە هۆی لە کارخستن یاخود دواخستنی پرۆسەکە، پڕۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەچووە و ئامادەکارییەکانیان بە باشی کراوە.
لە کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 2025.11.9، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستی پێ کرد و تاکو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت، لە بازنەی هەولێر ( 111 هەزار و 839 ) دەنگدەری تایبەت هەن، ( 85 هەزار و 793 ) یان خەڵکی ئەو پارێزگایەن. بەوپێیە 26 هەزار و 46 دەنگدەری تایبەت خەڵکی دەرەوەی پارێزگاکەن و لە ( 79 ) بنکە و ( 385 ) وێستگە پڕۆسەکە بەڕێوەدەچێت کە ( 3 ) وێستگەیان تایبەتە بە ئەوانەی دەرەوەی پارێزگای هەولێر . دووسبەیش سێشەممە، 2025.11.11، هەڵبژاردنی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت.
