پارێزگاری کەرکووک ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای کەرکووک دوای سەرژمێری ئاشکرا دەکات
ڕێبوار تەها، سەرۆکی حکومەتی خۆجێی پارێزگای کەرکووک ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند: "ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای کەرکووک بەپێی سەرژمێری گشتی دانیشتووان دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن و 900 هەزار کەس".
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2024 بەڕێوەچوو، ڕێبوار تەها داوای لە خەڵکی کەرکووک کرد لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا کە ماوە تا کۆتایی سەرژمێری گشتی دانیشتووانی عێراق لە ماڵەکانیان بمێننەوە و گوتی: مانەوە لە ماڵەکانتان یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەرکەوتنی سەرژمێری و بەرەنگاربوونەوەی پڕوپاگەندەکان.
پارێزگاری کەرکووک وتیشی: "ئەم سەرژمێرییە سوود بە بەرژەوەندیی ئابووری کەرکووک دەگەیەنێت لەڕێگەی زیادکردنی پشکی لە بودجەو دامەزراندن و دابینکردنی کارەبا لە سیستەمی تۆڕی کارەبای نیشتمانی و هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ژیانی خەڵکەوە هەیە".
ڕێبوار تەها جەختی لەوەکردەوە کە سەرژمێری تاوەکو ئێستا لە پارێزگاکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت، ئاماژەی بەوەشکرد: "پێشتر ژمارەی دانیشتووانی کەرکووک نزیکەی یەک ملیۆن و 350 هەزار کەس دەخەمڵێنرا، بەڵام ئێستا بەپێی سەرژمێری ئێستا سەرژمێری دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن و 900 هەزار کەس".
