پارێزەری سەڵاحەدین دەمیرتاش مژدەیەک بەبۆنەی جەژن بڵاودەکاتەوە
عەبدولڕەحمان کارابولوت، پارێزەری سەڵاحەدین دەمیرتاش، وێنەیەکی دەمیرتاشی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردووە و نووسیویەتی: "إن شاء الله لە جەژن لەناوماندا دەبێت".
کورتەیەک دەربارەی دەمیرتاش...
هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، سەڵاحەدین دەمیرتاش لە رۆژی 4ـی 11ی 2016 لەگەڵ فیگەن یۆکسکداگ، هاوسەرۆکی هەدەپە و 13 پەرلەمانتاری دیکەی هەدەبە، بەتۆمەتی هاوکاریکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستگیرکران و لە ساڵی 2021دا سزای دوو ساڵ و شەش مانگی زیندانی بەسەر سەپێنرا.
سەبارەت بە دەستگیرکردنی دەمیرتاش، دادگای ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە شوباتی 2021دا، داوای لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد، سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکەن چونکە بیانووەکانی تورکیا بۆ بەندکردنی دەمیرتاش بە تۆمەتی هاوکاری تیرۆر، تەنیا پەردەیەکە لە ڕێگەیەوە دەسەڵاتداران دەیانەوێت فرەیی و گفتوگۆی دیموکراتیی سنووردار بکەن، ئەوەش بەگوێرەی دادگای ئەورووپا.
دادگا ئەورووپا داواشی کردبوو لەپای چوار ساڵ زیندانیکردنی دەمیرتاشدا، حکومەتی تورکیا 60 هەزار و 400 یۆرۆ، وەک قەرەبوو بداتە هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە.
دواجار لە رۆژی 16ـی ئایاری 2024، دادگای تورکیا سزای 42 ساڵ زیندانیی بەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە سەپاند کە لە دۆسیەی کۆبانێدا تۆمەتبار کرابوو و هەر لەو دۆسیەیەدا فیگەن یوکسەکداگ هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە بە 30 ساڵ و ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی مێردین بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزادران.
