پزیشکیان: حکومەت پێداگرە لەسەر چارەسەرکردنی کێشە ئابورییەکان
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت لە ڕێگەی هاندانی "ئاژاوەگێڕانەوە"، "پشێوی و ناسەقامگیری" لە ئێران دروستبكەن و جەختیشی کردەوە کە "حکومەت پێداگرە لەسەر چارەسەرکردنی کێشە ئابورییەکان".
مەسعود پزیشکیان لە لیدوانێكدا كە میدیا فەرمییەكانی ئێران بڵاویانكردەوە، ڕایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل فەرمان بە "ئاژاوەگێڕان" دەدەن بۆ تێکدانی سەقامگیری وڵات، هەروەها داوای لە ئێرانییەکان کرد کە خۆیان لە "ئاژاوەگێڕان و تیرۆریستان" دور بخەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "تیرۆریستانی سەر بە هێزە بیانییەکان خەڵکی بێتاوان دەکوژن، مزگەوتەکان دەسوتێنن و هێرش دەکەنە سەر موڵک و ماڵی گشتی". جەختیشی کردەوە کە "حکومەت پێداگرە لەسەر چارەسەرکردنی کێشە ئابورییەکان"، و دوپاتیکردەوە کە "دەسەڵات ئامادەیە گوێ لە گەل بگرێت".
لەلایەکی دیکەوە گدعۆن سعار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، کە ئیسرائیل پشتگیری لە گەلی ئێران دەکات لەوەی کە بە "خەبات لەپێناو ئازادی" وەسفی کرد.
وەزیرەكەی ئیسرائل لە ڤیدیۆیەکدا کە لە پلاتفۆڕمی "X" بڵاویکردەوە، وتی، "پشتگیری لە خەباتی گەلی ئێران دەکەین بۆ ئازادی و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین".
