پشتیوان سادق: پەنابردن بۆ دادگای فیدڕاڵی کارەساتە
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆخی هەرێمی کوردستان گۆڕاوە و هەستیاری پێوە دیارە، حکومەتی هەرێم هەمو هەوڵێکی خۆی داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام وا دیارە دەسەڵاتدارانی عێراق رۆحی جێبەجێکردنی دەستوریان نییە، بەڕاستی کارەساتە پەنا بۆ دادگای فیدڕاڵی ببرێت تاوەکو بڕیار دژی هەرێمی کوردستان دەربکات.
پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا رایگەیاند، بارودۆخی هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە و توشی هەستیاری بوە، بەڵام دڵنیایی دەدەنە خەڵک کە حکومەتی هەرێم هەوڵدەدات بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی هەرێم ئەوەی لەسەری بوە پێشکەش بە بەغدای کردوە بۆ ئەوەی کێشەی شایستە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێم چارەسەر بکرێت، نەوت رادەست کرا و هێشتا کێشەکان ماوە، وا دیارە پێشێلکردنی دەستور لە رۆحیانەتی دەسەڵاتدارانی عێراقدایە.
ئەوەشی خستەڕو، پێویستە خەڵکی هەرێمی کوردستان یەکگرتو بن دژی ئەو بریارانەی لە دژی هەرێمەکە دەدرێت، پەنابردن بۆ دادگای فیدڕاڵی تاوەکو بڕیار دژی هەرێمی کوردستان دەربکات بەڕاستی کارەساتە، چونکە بڕیارەکانی ئەو دادگایە هەڵناوەشێتەوە.
