پوتن: ئامادەین بۆ خولێکی نوێی دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ خولێکی نوێی دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا و لە دانوستانی داهاتودا تاوتوێی یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن دەكەن، سەرباری ئەوەی هەردو وڵات بە تەواوی دژ بەیەکن، هەروەها "ئامادەیی دەربڕی بۆ ئەوەی سێ هەزار تەرمی دیکەی سەربازەکان ڕادەستی ئۆکرانیا بکات"
ڤلادیمێر پوتن، ئەمڕۆ هەینی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ خولێکی نوێی دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا، کە شوێن و وادەی دانوستانەکانیش هێشتا ڕێککەوتنی لەسەر نەکراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "تاوتوێکردنی یاداشتەکانی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردو وڵات دەبێتە بابەتی دانوستان لەگەڵ کیێڤ"، هەروەها سوپاسی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیای كرد بۆ ڕۆڵی لە گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردولا لە ئیستانبوڵ.
سەرۆکی ڕوسیا جەختی لەوەکردەوە، "پێشنیارەکانی ڕوسیا و ئۆکرانیا سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی ململانێکان بە تەواوی دژ بەیەکن، بەڵام پەیوەندی نێوانیان دەپارێزن، دوای تەواوبونی ئاڵوگۆڕی دیل و سەربازەكان".
پوتین ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی "سێ هەزار تەرمی دیکەی سەربازەکان ڕادەستی ئۆکرانیا بکات، جگە لەو شەش هەزار تەرمەی کە پێشتر ڕادەستکراون".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، پوتن هۆشداریدا لەوەی "زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکان نابێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاسایشی ڕۆژئاوا، بەڵکو ئاستی ژیان لەوی دادەبەزێت".
