پوتن ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هاوتا ئەمریکییەکەی نیشاندا
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی ڕوسیا ڕایگەیاند، ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هاوتا ئەمریکییەکەی، لەسەر هەندێک پرس، لەوانە شەڕی ئۆکرانیا و نرخی وزە، دەشڵێت، "ئەگەر لە 2020 سەرکەوتن لە ترەمپ نەدزرایە، شەڕی ئۆکرانیا ڕوی نەدەدا".
ڤلادیمێر پوتن، ئەمڕۆ هەینی لە میانی سەردانێکدا بۆ زانکۆی دەوڵەتی مۆسکۆ ڕایگەیاند، ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هاوتا ئەمریکییەکەی، لەسەر هەندێک پرس، لەوانە شەڕی ئۆکرانیا و نرخی وزە.
ئاماژەی بەوەشكرد، "لێدوانەکانی سەرۆکی ئێستای ئەمریکامان بینی سەبارەت بە ئامادەیی ئەو وڵاتە بۆ كاریهاوبەش، ئێمەش هەمیشە ئامادەین و دەرگامان كراوەیە بۆ ئەو بابەتە".
ڤلادیمێر پوتن جەختی لە ڕێککەوتنی خۆی لەگەڵ ترەمپ کردەوە و دەڵێت، "دەکرا شەڕی ئۆکرانیا دور بخرێتەوە ئەگەر ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی پێشوی ئەمریكا لە ساڵی 2020دا لە سەرکەوتن بێبەش نەکرایە"، هەروەها پەیوەندییەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە پەیوەندییەک لە سەر بنەمای متمانە و پراگماتیزم وەسف کرد.
ئەوەشی خستەڕو، پرسی دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا ئاڵۆزە، چونکە ڤۆلۆدیمێر زلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بڕیارێکی واژۆ کردوە کە ڕێگری لە دانوستان لەگەڵ پوتن دەكات.
