پوتن و ڕاوێژکارێكی خامنەیی چەند پرسێکی گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێی دەکەن
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی ڕوسیا و عەلی لاریجانی، ڕاوێژكاری ڕێبەری باڵای ئێران ،تاوتوێی پەرەسەندنی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسەکانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە کرد.
ئاژانسی هەواڵی ڕوسیا (RIA Novosti) لەزاری دیمیتری پسکۆڤ، وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی ڕوسیا (کرێملین) بڵاویكردەوە، ڤلادیمیر پوتن ئەمڕۆ یەكشەممە كۆبونەوەیەكی لەگەڵ عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی ئەنجام داوە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، پوتن و ڕاوێژكارەكەی خامنەیی باسیان لە پەرەسەندنی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسەکانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کردوە.
دیمیتری پسکۆڤ باسی لەوەشكردوە، پوتن جارێکی دیکە هەڵوێستی ڕوسیای دوپاتکردەوە کە پشتیوانی لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکات و هەوڵ بۆ چارەسەرێکی سیاسی دەدات بۆ ئەو پرسانەی پەیوەستن بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە.
دەشڵێت، لاریجانی "هەڵسەنگاندنەکانی تاران"ی سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزیەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیاندوەتە پوتن.
