پۆلیسی هەولێر بکوژی کچێکی عەرەب لە هەولێر دەستگیرکرد
پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاندووە، کە بکوژی کچێکی عێراقی لە هەولێر دەستگیرکرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، تۆمەتبارێکی بەڕەگەز عەرەبی سووریای بەناوی (م. ب. ذ) بە تۆمەتی کوشتنی ئافرەتێکی بەڕەگەز عەرەب بەناوی (ٱ. س. م) دەستگیرکرد.
ئەم تۆمەتبارە لەگەڵ ئەو ئافرەتە لە درەنگانی شەو لەسەر کێشەیەک دەبێتە دەمەقاڵییان و لەئەنجامدا تۆمەتبار ئافرەتەکە لە ژوورەوە دەخنکێنێت و دواتر پارە و ئاڵتونەکانی دەدزێت، بەوەندەش ناوەستێت و تەرمی ئافرەتەکە دەگوازێتەوە بۆ شوێنێکی دوورەدەست و لەوێ تەرمەکە دەسووتێنێت بۆ ئەوەی خۆی لە تاوانەکە بدزێتەوە، بەڵام دوای ئەوەی کە پۆلیس لە ڕووداوەکە ئاگادار کرایەوە، بە چەند کاتژمێرێک تۆمەتبار دەستنیشان کرا و دەستگیرکرا و دانی نا بە تاوانەکەیدا و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و بەپێی ماددە 406 لە یاسای سزادان دراوەتە دادگا.
ئەمەش لەکاتێکدا، شەوی دوێنێ سێشەممە 4ـی 2ـی 2025، تەرمی کچێکی عێراقی بەناوی "نور دلێمی" لەنزیک شەقامی 150 مەتری شاری هەولێر بە سووتاوی دۆزرایەوە.
بەگوێرەی زانیارییە سەرتاییەکان، ئەو کچە کە نیشتەجێی هەولێرە دوێنێ لەلایەن کوڕێکی سووری بە دڕندەترین شێوە کوژرا و دوای کوشتنی سوتاندویەتی.
تائێستاش هۆکاری ئەم تاوانە نەزانراوە و پۆلیسی هەولێر ڕوونکردنەوەی لەسەر ئەم تاوانە ئاشکرا نەکردووە.
