پەرلەمان ناوی كاندیدە پەسەندكراوەكانی سەرۆكایەتی كۆمار بڵاودەکاتەوە
سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق ناوی 15 كاندیدی پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری عێراقی بڵاوكردەوە كە بەفەرمی پەسەندكراون كە دیارترین كاندیدە كوردەكان بریتین لە نەوزاد هادی و فوئاد حوسێن لە پارتی، نزار ئامێدی لە یەكێتی، موسەنا ئەمین لە یەكگرتو. ئەوە جگە لە لەتیف ڕەشیدو ئاسۆ فەرەیدون كە بە سەربەخۆ تۆماركراون. لەگەڵ ئەوەشدا لیستەكە ناوی مەلا بەختیاری تێدا نیە.
سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پاڵپشت بە حوکمەکانی ماددەی (4) لە یاسای حوکمەکانی کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ژمارە (8)ی ساڵی 2012، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران ناوی ئەو کاندیدانە ڕادەگەیەنێت کە مەرجە یاساییەکانیان تێدایە بۆ کاندیدبون بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، کە لە 15 كەس پێكهاتوە.
دەشڵێت، "هەر کەسێک ناوی لە ناو لیستی ئەو کاندیدانەدا نییە کە مەرجە یاساییەکانیان تێدایە و داواکاری کاندیدبونی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پێشکەشکردوە، مافی ناڕەزایەتی دەربڕینی (تانەگرتن)ی هەیە لەبەردەم دادگای باڵای فیدراڵی، ئەوەش بە داواکارییەکی نوسراو کە لە ڕسوماتی یاسایی بەخشراوە، لە ماوەیەکدا کە لە سێ ڕۆژ تێپەڕ نەکات لە ڕێکەوتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاگەیەندراوەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی پەرلەمانی عێراق، كاندیدە كوردەكان ئەم ناوانەی خوارەوەن:
1-نەوزاد هادی، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان.
2- فوئاد حوسێن، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان.
3- نزار ئامێدی، کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
4- لەتیف ڕەشید، سەر بە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان.
5- موسەننا ئەمین، کاندیدی یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستان.
6- سەردار عەبدوڵڵا، سەربەخۆ.
7- شوان داوودی، سەربەخۆ.
8- عەبدوڵا عالیەوایی، سەربەخۆ.
9- حوسێن تەها حەسەن سنجاری، سەربەخۆ.
10- سامان شالی، سەربەخۆ
11- ئاسۆ فەرەیدون، سەربەخۆ
ناوی کاندیدە عەرەبەکانیش ئەمانەن:
1- نەجمەدین عەبدولکەریم حەمەکەریم
2- ئیقبال عەبدوڵڵا ئەمین
3- سەباح ساڵح سەعید
4- ئەحمەد عەبدوڵلا تۆفیق
