پەرلەمان هۆشداری دەدات لە ڕاکێشانی عێراق بۆ ململانێ دوای بۆردومانکردنی حەشدی شەعبی
هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان، ئەمڕۆ پێنجشەممەی، بە ئامانجگرتنی بارەگاکانی هێزە ئەمنییەکان سەر بە پێکهاتەکانی حەشدی شەعبی ئیدانە کرد.
حەلبوسی لەڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند،بە توندی سەرکۆنەی بە ئامانجگرتنی بارەگای یەکە ئەمنییەکانی سەر بە حەشدی شەعبی دەکەین و ڕەتیدەکەینەوە کە مایەی هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی وڵات و سەقامگیری و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە.
وتیشی بەئامانجگرتنی هێزە ئەمنییەکان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە پێشێلکارییەکی ترسناکە بۆ سەر دامەزراوەکان و شکۆی دەوڵەت، لەوبارەیەوە جەختدەکەینەوە پێویستە لەسەر حکومەتیش رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی عێراق و گەلەکەی و بە حیکمەت و بەرپرسیارێتییەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ روداوەکان بکات، و عێراق بەدوور بگیردرێت لە ناکۆکییەکان، کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەل ناکات.
ڕایشیگەیاند،هاوکات سەرەخۆشی لەکەسوکاری شەهیدان دەکەین، کە گیانی خۆیان بەختکرد بۆ پارێزگاری لە نیشتمان و لە خوای گەورە داواکارین بیانخاتە بەر ڕەحمەتی خۆی و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین، خوای گەورە عێراق و گەلەکەی بپارێزێت.
