پەرلەمان ژمارەی لیژنەکانی قەتیس دەکات و دووپاتیدەکاتەوە: خولی شەشەم وەرچەرخانێک دەبێت لە ئاستی کارکردندا
ئەمڕۆ سێشەممە، عەدنان فەیحان دلێمی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، قەتیسکردنی ژمارەی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانی ڕاگەیاند.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران،لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، تیایدا هاتووە : "عدنان فەیحان دلێمی"جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران،سەرۆکایەتی یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی لیژنە پەرلەمانییەکانی کرد،کە تێیدا کۆمەڵێک هەمواری بنەڕەتی پەیوەست بە میکانیزمەکانی کار و ئەرکەکانی ژمارەیەک لە لیژنە پەرلەمانییەکان پەسەند کرا،جگە لە تێکەڵکردنی ئەو لیژنانەی لە پسپۆڕی و فەرمانەکانیاندا لەیەک نزیکن، بەجۆرێک کە سەقامگیری کارەکانیان مسۆگەر بکات ،لە ئەنجامدانی ئەرکی یاسادانان و چاودێرییەکانیاندا بەهێز بکات، هەروەها چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە پێشتر ڕووبەڕوویان دەبووەوە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە بەدیهێنانی نیسابی یاسایی.
"فەیحان "لە کاتی کۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە کە لیژنە پەرلەمانییەکان کۆڵەکەی سەرەکی کارە یاسادانان و چاودێرییەکانن، ئاماژەی بەوەشکرد : کە لیژنەی هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ بەردەوامە لە چارەسەرکردنی ئەو بۆشیایانەی کە لە کارکردنی لیژنەکان لە خولەکانی پێشووی پەرلەماندا هەبوە، لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە خولی شەشەمی پەرلەمان وەرچەرخانێکی جۆری لە ئەدای ئەنجومەنی نوێنەران لە هەردوو لایەنی یاسادانان و چاودێریدا بەخۆوە دەبینێت.
ئاماژەی بەوەشکرد : کە ژمارەی لیژنە هەمیشەییەکان کەمکراوەتەوە و پەرلەمانتاران بەپێی پێوەرەکانی لێهاتوویی و پسپۆڕی دابەش دەکرێن، بەو شێوەیەی کە هاوسەنگیی داواکراو لە دابەشکردنی ئەنداماندا بەدی بهێنێت و سەقامگیری و بەردەوامی ئەدا مسۆگەر بکات.
