پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتیی و نەوەی نوێ خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کاندید کرد
ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی 2024، دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی دەرچوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و جێگر و سکرتێری پەرلەمان کرانەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هەریەک لە کوردەوان جەمال لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ و شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ و میران مەحەممەد لە فراکسیۆنی یەکێتیی و ڤالا فەرید و هەڵگورد نەجیب لە فراکسیۆنی پارتی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کاندید کردووە.
هەروەها پەرلەمانتاران، عەدنان سەید حسێن، ئازاد مەحەممەد ئەمین، بەهجەت عەلی ئیبراهیم، مەرد عەلی ڕەسول، ئومێد عەلی حەمە، وەک جێگری سەرۆکی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەربژێرن.
هاوکات ئەو پەرلەمانتارانەی خۆیان بۆ پۆستی سکرتێری پەرلەمان کاندید کردووە بریتین لە شیرین یونس عەبدولڵا، شلێر غەفوور ساڵح، سەوسەن کاکە مەند، ڕامی نوری، هاڤین سەعید خضر، نەژدەت نوری محەمەد.
شایەنی باسە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە یەکەمین کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین پەرلەمانتار و ئامادەبوونی چەندین کونسوڵ و نوێنەرى وڵاتان لە هەرێم و عێراق دەستیپێکرد و تێیدا پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد.
