پەرلەمانتارێک: داواکاری خەڵکی سلێمانیمان گەیاندە ئەردۆغان سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی
كاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، داواکاری خەڵکی سلێمانیمان گەیاندە سەرۆکی تورکیا سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و ئەویش رایگەیاند، وەزیرە پەیوەندارەکان و تیمەکەی رادەسپێرێت بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنی خۆیان بدەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، كاروان یاروەیس، لە ڕایگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، کۆبونەوەمان وەکو شاندی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی مەحمود مەشهەدانی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا کۆتاییهات.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەکۆبونەوەکەدا جەختمکردەوە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا و چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد سیاسەتی لەمێژینەی مام جەلال-ە و داوامان کرد هەنگاو و قۆناغەکانی بەسەرکەوتوی تەواوبکرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، داواکاری خەڵکی سلێمانیمان گەیاند سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و ئەویش رایگەیاند، وەزیرە پەیوەندارەکان و تیمەکەی رادەسپێرێت بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و هەڵسەنگاندنی خۆیان بدەن بەمن.
ئەوەشیخستەڕو، سەبارەت بە کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدرالی، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، بەلای ئێمەوە گرنگە هەردولا کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
سەبارەت بەکێشەی ئاو و وشکەساڵی، سەرۆک کۆماری تورکیا بڕیاریدا سەرلەبەیانی سبەینێ بڕی 420 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا (320 دجلە و 100 فورات) ئاو بۆ عێراق بەربدەنەوە.
