پەرلەمانتارێکی عێراق:سەرجەم لایەنەکان لە هەوڵدان بە زوترین کات وادەیەک بۆ دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رێکبخەن
پەرلەمانتارێکی عێراق رایگەیاند، سەرجەم لایەنەکان لە هەوڵدان بە زوترین کات وادەیەک بۆ دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رێکبخەن، لە ئێستاشدا رێککەوتنێک هەیە بۆ ئەوەی ئەو پۆستە بدرێت بە سالم عیساوی، چونکە ئەو کەسایەتییە لە هەمو فراکسیۆنەکان نزیکە و هیچ لایەنێک تێبینی لەسەر نییە.
موختار موسەویی ئەندامی فراکسیۆنی فەتح لە پەرلەمانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، گفتوگۆیەک لە نێوان ژمارەیەک لایەنە سیاسییەکان هەیە بۆ دیاریکردنی وادەیەک بۆ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان.
موختار موسەویی ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی فراکسیۆنەکان پشتیوانی لە سالم عیساوی دەکەن بۆ وەرگرتنی پۆستەکە، پێشنینیش دەکرێت هیچ رەخنە و تێبینییەک لەسەر هەڵبژاردنی ئەو کەسایەتییە نەبێت، چونکە سالم عیساوی لە هەمو فراکسیۆنەکان نزیکە.
