پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بۆ موتەڵع: پێکهێنانی لیژنەکانی پەرلەمان پەیوەستە بە پێکهێنانی حکومەتەوە
پەرلەمانتار مەنسوور بەعێجی،لە هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، دابەشکردنی لیژنەکانی پەرلەمان لە ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر بنەمای سیستمی پشکپشکێنەی سیاسییە، جەختیشی لەوە کردەوە کە پێکهێنانی ئەو لیژنانە بە ڕاگیراوی دەمێنێتەوە تاوەکو حکومەت بە تەواوی پێکدەهێنرێت.
بەعێجی لە لێدوانێکدا بۆ موتەڵع میدیا ڕوونیکردەوە کە "لە ئێستادا کارەکانی لیژنەکان وەستاون بەهۆی هەڵنەبژاردنی سەرۆک کۆمار"، ڕوونیشیکردەوە "ناکۆکی بەردەوامی نێوان هەردوو حزبە کوردیەکە لەسەر پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار هۆکاری سەرەکییە بۆ بەردەوامی دواکەوتنی سەرۆکایەتی کۆمار".
ئاماژەی بەوەشکرد، تا دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و ڕاسپاردنی سەرۆک وەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت، لیژنەکانی پەرلەمان پێکناهێنرێن. دوابەدوای ئەمەش لیژنەکان دابەش دەکرێن و بەپێی ڕەچاوکردنی شایستە سیاسییەکان سەرۆکەکانیان هەڵدەبژێردرێن.
بەعێجی ئاماژەی بەوەدا، "ئەگەر لەم هەفتەیەدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار دوابکەوێت، دەبێت پەرلەمان ڕێوشوێنی کاتی بگرێتەبەر، لەوانەش دیاریکردنی بەتەمەنترین ئەندامان بۆ سەرۆکایەتیکردنی لیژنەکان بەشێوەیەکی کاتی تا ئەو کاتەی کێشەی سەرۆکایەتی یەکلایی دەبێتەوە".
جەختیشی لەوە کردەوە کە "بەردەوامی دواکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کاریگەری نەرێنی لەسەر کارەکانی دەسەڵاتی یاسادانان هەیە"، ئاماژەی بەوەشدا کە ئەنجوومەنی نوێنەران لە ئێستادا ڕووبەڕووی حاڵەتی ئیفلیجی بووەتەوە.
