پەکەکە بەرپرسیارێتی هێرش بۆ سەر بەرپرسی هێزێک لەناو تورکیا لەئەستۆ گرت
شانەیەکی سەر بە پەکەکە بەرپرسیارێتی هێرش بۆ سەر بەرپرسی هێزێک لەناو تورکیا لەئەستۆ گرت.
گرووپی ئازادی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان ڕایگەیاند، کە هێرشی چەکداری بۆ سەر یونس بایراق، بەرپرسی هێزی ئاسایش و ئەندامی هێزەکانی گاردی خۆجەیی لە ناوچەی لیجەی ئامەد، لەلایەن ئەوانەوە ئەنجامدراوە.
یونس بایراق ناسراو بە "سەیدا" یەکێک لە ئەندامانی گاردی خۆجەیی ئامەد بوو کە وەکوو هێزی سەربازی لە ئۆپراسیۆنەکانی دژی پەکەکەش بەشداری کردبوو، شەوی ڕابردوو لە ناوچەی باگلەری ئامەد لە باکووری کوردستان هێرشی چەکداری کرایەسەر لەلایەن گرووپێکی پەکەکە و لەئەنجامدا بەسەختی برینداربوو.
یونس بایراق بەهۆی بەشداری لە ئۆپراسیۆنی سەربازی جیاواز لەگەڵ هێزەکانی تورکیا لە دژی هێزەکانی پەکەکە و هاوکاربوو لە ئەشکەنجەی خەڵک و چالاکی نایاسایی و ئەشکەنجەی ئەندامانی پەکەکە و گەنجانی باکووری کوردستان ناسراوبوو.
گرووپی ئازادی سەر بە پەکەکە لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی لەئەستۆ گرت و ڕایگەیاند، کە بایراق بەهۆی هەوڵەکانیەوە سزادراوە.
بەگوێرەی میدیاکانی ناوخۆی تورکیا و باکووری کوردستان، بایراق دوای ئەو هێرشە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی زانکۆی دیجلە و دۆخی ناجێگیرە.
