پەکەکە.. وردەکاریی رێوڕەسمی چەکدانانی ئاشکرا کرا
نووسینگەی راگەیاندنی کەجەکە لەبارەی وردەکاریی کات و شوێنی مەڕاسیمی لەناوبردنی چەک لە سلێمانی دەڵێت، رێوڕەسمەکە رۆژی هەینی 11 تەمووز، کاتژمێر 8 بۆ 9 بەیانی بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە ، نووسینگەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شوێنی دیاریکراو ئاشکرا ناکرێت، بەڵام ئۆتۆمبێل دابینکراوە و هەموو بەشداربووان دەگەیەنێتە شوێنێکی نزیک لە شوێنی دیاریکراوی مەڕاسیمەکە.
دەشڵێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە (هۆتێل ئاشوور) لە دوکان ئامادە بن، بەشداربوون پێویست بە هیچ خۆتۆمارکردنێکی پێشوەختە ناکات، بەڵام پێویستە باجی تایبەتی رۆژنامەوانیی و ناسنامەتان پێ بێت و خۆتان بناسێنن.
کەجەکە روونیکردەوە، ئەو شوێنەی رۆژنامەنووسانی بۆ دەبرێت بۆ رووماڵکردن، مەڕاسیمەکە لە شاشەیەکی گەورەوە نیشان دەدرێت، هەروەها دەتوانن بە خواستی خۆتان دیمەن و دەنگی خامی مەڕاسیمەکە بەدەستبهێنن، ئەو شوێنە کارەبای لێ دەبێت، بە هۆکاری ئەمنیی ناتوانن لێدوان لە ئەندامانی گرووپەکە وەربگرن، بەڵام قسەکردن لەگەڵ چاودێرەکان ئاساییە.
