پەیامی مەسعود بارزانی لە یادی دە ساڵەی جینۆسایدی شەنگال
پەیامی مەسعود بارزانی لە یادی دە ساڵەی جینۆسایدی شنگال.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یادی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە، جینۆسایدی شەنگال و ئەو تاوانەی تیرۆریستانی داعش دە ساڵ بەر لە ئێستا دژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجامیان دا برینێكە لەسەر جەستەی گەلی كوردستان. ئەو تاوانە هاوشێوە و درێژەكراوەی ئەو جینۆساید و كۆمەڵكوژی و تاوانانەیە كە بە درێژایی مێژوو بەرانبەر گەلی كوردستان ئەنجام دراوە. خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بە هۆی كوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و دڕندەیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید كران.
لە دەیەمین ساڵیادی ئەو كارەساتەدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە دەنێرین و، سڵاو بۆ گیانی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەنێرین كە بۆ شكاندنی ئابڵۆقەی چیای شنگال و ئازادكردنی شاری شنگال خوێنیان بەخشی و سەری داعشی دڕندەیان خستە ژێر پێی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان و تۆڵەی ئەو ناهەقی و زوڵمەیان لە تیرۆریستان كردەوە.
سەرۆکی پارتی ئەوەشی وت: لەو یادە دڵتەزێنەدا جەخت لەوە دەكەینەوە كە بەهەموو توانایەك پاڵپشتی ماف و داواكاریی خوشك و برا ئێزیدییەكان و دانیشتوانی دەڤەری شنگالین. پێویستە ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ لەمەڕ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ بكرێت و ئەو دۆخە نایاسایی و نائاساییەی دە ساڵە بە ناهەق بەسەر خەڵكی ئەو دەڤەرە سەپێندراوە كۆتایی بێت. پێویستە كۆتایی بەوە بێت لایەنەكان ژان و ئازارەكانی شنگال بۆ مەرامی سیاسی و خۆسەپاندن و ئاڵۆزتركردنی دۆخی شنگال بەكار بهێنن و دەبێ ڕێگە بدرێت خوشك و برا ئێزیدیەكانمان لە شنگال بە سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و لە ئاشتی و ئارامیدا بژیین.
