چامپیۆنزلیگ...ڕیاڵ مەدرید لە بایرن میونشنی بردەوە و گەشتە یاری كۆتایی
لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنز لیگ، ریاڵ مەدرید لە خاکی ئیسپانیا و لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری بایرنی کرد.
گێمی یەکەم، ریاڵ مەدرید بە بەهێزی دەستی پێکرد و چەند جارێک مەترسی تەواوی خستە سەر گۆڵی مانوێل نۆیەر بەڵام لە لایەن گۆڵچیە ئەڵمانییەکەوە بەرپەرچ دەدرایەوە، لە بەرامبەردا بایرن بە هێرشی هەڵگەڕاوە یاری دەکرد و هیچ کامیان سەرکەوتوو نەبوون لە تۆماری گۆڵدا.
لە گێمی دووەمدا، مێرەنگێ لەسەر ئاستە بەرزەکەی بەردەوامبوو، ڤینیسیۆس و رۆدریگۆ بە خێرایی تۆپیان دەگەیاندە ناوچەی سزای یانە باڤاریەکە، بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان ئەلفۆنسۆ دەیڤز تۆپێکی موشەک ئاسای لەناو هێڵی سزای ریاڵ لێداو گۆڵی پێشکەوتنی لە خولەکی 68 بۆ بایرن تۆمارکرد.
ریاڵ مەدریدیش لە خولەکی 73 گۆڵێکی تۆمار کرد بەڵام دوای گەڕانەوە بۆ ڤار رەتکرایەوە بە بیانووی هەڵەوە.
یانەی شاهانە وەک پیشەی هەموو کاتێکی کۆڵی نەدا و لە خولەکەکانی 88 و سێ خولەکی کاتی زیادکراودا دوو گۆڵیان لە رێگەی خۆسێلۆوە تۆمارکرد و یارییەکەیان لە شکستەوە گۆڕی بۆ سەرکەوتن.
سەرەنجام یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە بەرژەوەندی ریاڵ کۆتایی هات و بە ئەنجامی هەردوو یاری یانەی شاهانە بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە سێ گۆڵ گەیشتە یاری کۆتایی و بایرن ماڵئاوایی کرد.
بڕیارە لە یاری کۆتاییدا ریاڵ مەدرید و بروسیا دۆرتمۆند لە یاریگای وێمبڵی و لە یەکی حوزەیران رووبەرووی یەکتر ببنەوە
