چوارچێوهی ههماههنگی شیعهكان وهك گهوهترین كوتلهی پهرلهمانی خۆی راگهیاند
ئەمڕۆ دووشەممە، چوارچێوەی هەماهەنگی شيعەکان ، وەک گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی راگەیاند، کە پێکهاتووە لە هەموو قەوارەکانی، لەکاتێکدا دوو لیژنەی پێکهێنا بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ بەربژێرانی پۆستی سەرۆک وەزیران.
لە ڕاگەیەندراوێکی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هاتووە: "چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (٢٥٠)ی ئەنجامدا، بە ئامادەبوونی سەرجەم سەرکردەکانی لە نووسینگەی حەیدەر عەبادی، و کۆبوونەوەکە بە پیرۆزبایی ئاراستەکردنی گەلی عێراق و سەرجەم هێزە سیاسییەکان دەستی پێکرد، بە بۆنەی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە، و دووپاتی کردەوە کە هاوکاری نیشتمانی گشتگیر بنەمای سەرەکییە لە تێپەڕاندنی قۆناغی داهاتوو و چەسپاندنی سەقامگیری سیاسی".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، چوارچێوەی هەماهەنگی "گرنگی یەکلاییکردنەوەی شایستە هەڵبژاردنییەکان لە چوارچێوەی ماوە دەستوورییەکاندا و بە شێوەیەک کە لەگەڵ ڕێکارە یاساییە پەسەندکراوەکاندا بگونجێت" دووپات کردەوە، جەختی لەوەش کردەوە کە "پابەندبوون بە کاتە دەستوورییەکان گەرەنتییە بۆ گواستنەوەیەکی دەستووری ڕێکخراو کە ڕێز لە ئیرادەی دەنگدەران دەگرێت".
لەم بارەیەوە، چوارچێوەکە واژۆی لەسەر ئەوە کرد کە بە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی دابنرێت، کە پێکهاتووە لە هەموو قەوارەکانی بەپێی ڕێکارە دەستوورییەکان، و بەردەوام دەبێت لە بەربژێرکردنی سەرۆک وەزیران بۆ قۆناغی داهاتوو.
لە چوارچێوەی ڕێکخستنی شایستە داهاتووەکاندا، چوارچێوەکە بڕیاری دا دوو لیژنەی سەرکردایەتی پێکبهێنێت: یەکەمیان تایبەت بێت بە گفتوگۆکردن لەسەر شایستە نیشتمانییەکانی قۆناغی داهاتوو و دانانی دیدگایەکی یەکگرتوو بۆ پێداویستییەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، و دووەمیان سەرپەرشتی چاوپێکەوتن لەگەڵ بەربژێرانی پۆستی سەرۆک وەزیران بکات بەپێی پێوەرە پیشەیی و نیشتمانییەکان.
هەروەها کۆبوونەوەکە بە درێژی گفتوگۆی لەسەر پێوەرە پەسەندکراوەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران کرد، جگە لە سروشتی بەرنامەی حکومی داواکراو بە شێوەیەک کە لەگەڵ ئەو ئاستەنگە سیاسی و ئابووری و خزمەتگوزارییانەدا بگونجێت کە عێراق ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، و بەو شێوەیەش هیوا و ئاواتەکانی هاوڵاتیان لە چاکسازی و سەقامگیری و گەشەپێداندا بهێنێتە دی.
