چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لە پەرلەمانتارانی دەکات ئازاد بن لە هەڵبژاردنی کاندیدی سەرۆک کۆمار
ئەمڕۆ چوارشەممە، چوارچێوەی هەماهەنگی، داوای لە پەرلەمانتارانی کرد ئازاد بن لە هەڵبژاردنی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار، هاوکات جەختیکردەوە: لەسەر ڕەتکردنەوەی بێ ئەملاولای بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێک.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەیاننامەیەکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، دەڵێت: "چوارچێوەی هەماهەنگی، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆبوونەوەی خولیی ژمارە (٢٦٢)ی خۆی لە نووسینگەی سەید حەکیم ئەنجامدا، بۆ بەدواداچوونی دوایین پێشهاتەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی و ناوچەیی، و تاوتوێکردنی گۆڕانکارییەکانی قۆناغی ئێستا"، ئاماژەی بەوەشکرد: "چوارچێوەی هەماهەنگی دووبارە جەختیکردەوە لەسەر گرنگیی ڕێزگرتن لە وادە دەستوورییەکان و پابەندبوون پێیانەوە بەپێی ئەو ماوەیەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە، و داوایکرد دۆسیەی سەرۆک کۆمار لە ماوەیەکی کورتدا یەکلایی بکرێتەوە".
بەپێی بەیاننامەکە، چوارچێوەی هەماهەنگی تەئكیدیکردەوە: لەسەر "گرنگیی ئەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بایەخ بدەن بەو پێشنیارانەی کە شاندی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کاتی سەردانی ئەم دواییەیاندا بۆ هەرێم پێشکەشیان کردبوو، بەو شێوەیەی یارمەتیدەر بێت لە خێراکردنی ڕێککەوتن و کۆتاییهێنان بە دۆخی پەککەوتن"، هاوکات داوای لە پەرلەمانتارانی کرد "ئازاد بن لە هەڵبژاردنەکانیاندا ئەگەر نەگەیشتنە کاندیدێکی یەکگرتوو بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار".
جەختیشیکردەوە: بەردەوامبوونی پەککەوتنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، لەگەڵ قەبارەی ئەو تەحەددییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییانەی دەوری وڵاتیان داوە، ناگونجێت.
سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەییش، چوارچێوەی هەماهەنگی "ڕەتکردنەوەی بێ ئەملاولای خۆی بۆ بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێک دوپاتکردەوە، وەک پابەندبوونێک بەوەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە"، هاوکات داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد "ڕێکاری خۆپارێزی زیاتر بگرنەبەر، لەگەڵ نواندنی بەرزترین ئاستی دانبەخۆداگرتن بەرامبەر هەر ئیستفزاکردنێک، بۆ ئەوەی هیچ بیانوویەک نەدرێتە دەست کە بقۆزرێتەوە بۆ بەئامانجگرتنی عێراق یان تێکدانی سەقامگیرییەکەی".
