ڕاوێژکارێتی ئاسایشی نیشتمانی: حکومەت کار لەسەر گەڕاندنەوەی ئەو داعشانە دەکات کە لە سوریاوە گواستراونەتەوە بۆ وڵاتانی خۆیان
ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕاوێژکارێکی ئاسایشی نیشتیمانی،سەرکەوتنی پرۆسەی گواستنەوەی چەکدارانی داعشی لە سووریاوە بەبێ هیچ هەڵەیەک ڕاگەیاند، هاوکات جەختی کردەوە کە مانەوەی ئەوان هەمیشەیی نییە و دەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.
"سەعید جیاشی"ڕاوێژکاری کاروباری ستراتیژی لە ئاسایشی نیشتیمانی لەلێدوانێکدا کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: بابەتی گواستنەوەی زیندانیانی داعش لەسەر داوای ئاسایشی نیشتیمانی بووە، چونکە بارودۆخێکی نائاسایی لە سووریا هاتە ئاراوە و زیندانەکان تووشی شڵەژان بوون،هەندێک لە زیندانییان ڕایانکرد، بۆیە پێویست بوو بەو ژمارەیەی کە بە فەرمی ڕاگەیەندراوە بگوازرێنەوە بۆ عێراق و لە زیندانە توندوتۆڵەکاندا دابنرێن.
وتیشی: عێراق سەرجەم ئامادەکارییە ئەمنییەکانی بە بەشداری سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان و بەدواداچوونی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئەنجامداوە،و گواستنەوەکە لەژێر چاودێری دەزگای دژە تیرۆردا بووە و کارەکان بە سەرکەوتوویی و بەبێ هیچ هەڵەیەک کۆتاییان هاتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد : ڕاوێژکاریی ئاسایشی نیشتیمانی لە پێنج ساڵی ڕابردوودا هۆشداری دابوو لەوەی زیندانەکانی سووریا هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی عێراق.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بوونی زیندانیانی داعش لە عێراق و لەژێر کۆنترۆڵی دەزگا ئەمنییەکان و ئیدارەی دەسەڵاتی دادوەری عێراق باشترە،و مامەڵەکردن لەگەڵیان بەم شێوەیە باشترە وەک لەوەی لە ژینگەیەکی کراوە و بێسەروبەردا بن.
ڕوونیشیکردەوە : مانەوەی زیندانیانی داعش لە عێراق هەمیشەیی نییە،و حکومەت کار لەسەر گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان دەکات،و سەرجەم ئەو کەسانەی گەیشتوونەتە عێراق سەر بە زیاتر لە 67 دەوڵەتی جیاوازن.
