ڕاپۆرتێک ئاشکرای کردووە کە لە سەدا پەنجای دانیشتوانی کەمپی هۆل لەوانەیە ببنە چەکداری داعش
نوسینگەی دژە تیرۆری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە لە سەدا پەنجای دانیشتوانی کەمپی هۆل لەوانەیە ببنە چەکداری داعش.
ڕاپۆرتی نیمچە ساڵانەی دژە تیرۆری ئەمەریکا دەریخستووە کە منداڵانی خوار تەمەن 12 ساڵ لە کەمپی هۆل لە داهاتوودا دەبنە چەکداری داعش و بەپێی ڕاپۆرتەکە، 14 وڵات لەمساڵدا زیاتر لە 3500 هاوڵاتی خۆیان لە کەمپی هۆلەوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان، لەکاتێکدا لە ساڵی 2022 دا 13 وڵات 3000 هاوڵاتی خۆیان لە کەمپەکەوە گەڕاونەتەوە.
بەگوێرەی هەمان ڕاپۆرت، نزیکەی نۆ هەزار ئەندامی پێشووی داعش هێشتا لە زیندانی هێزەکانی سوریای دیموکراتدان و ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەندامانی پێشووی داعش هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و دەبێت بگەڕێنرێنەوە.
کەمپی هۆل دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای حەسەکە لە سوریا و نزیکەی پەنجا هەزار سوری و عێراقی و زیاتر لە 10 هەزار بیانی لە شەست وڵاتی دیکەوە لەخۆ دەگرێت کە گشتیان زیندانیانی داعشن.
