ڕووسیا... پاریس و لەندەن هەڕەشە لە مۆسکۆ دەکەن
ئەمڕۆ یەکشەممە ،وەزیری دەرەوەی ڕووسیا رایگەیاند: فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا درووشمی دووژمنکار و خۆبەزلزانانە بەکار دەهێنن و هەڕەشە لە مۆسکۆ دەکەن، و ئێمە گوێیان پێ نادەین و هەڵوێستەکانیان پشتگوێ دەخەین.
ئاژانسی هەواڵی تاس لە زاری سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بڵاوی کردەوە، ڕووسەکان بەهێز و ئارامن، هەروەها سەرۆکی ڕووسیا چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەر پرسێک، بەڵام ملکەچی هیچ وڵاتێک نابین.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، وتیشی: ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و فرێدریک مێرز، ڕاوێژکاری داهاتووی ئەڵمانیا، هەڕەشە لە مۆسکۆ دەکەن، بەوەی هێز بۆ ئۆکرانیا دەنێرن تا شانبەشانی سوپای وڵاتەکە دژمان بجەنگن.
ئاماژەی بەوە کرد، "سێ وڵاتەکە درووشمی دووژمنکار و خۆبەزلزانانە بەکار دەهێنن بۆ هەڕەشەکردن لە ئێمە، بەڵام ئێمە گوێیان پێ نادەین و هەڵوێستەکانیان پشتگوێ دەخەین"، دڵنیاشم ئەم کارەی کە ئەوان دەیکەن ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی هاووڵاتییانیان نییە.
