ڕێبەر ئەحمەد: نابینە بەشێك لە شەڕی ئەمریكا و ئێران
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، هاوپەیمانان و ئەمریكا پابەندی خۆیان بە پاڵپشتی هەرێمی كوردستان دوپاتكردەوەتەوە و وەك هاوپەیمانێكی ستراتیجی مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكەن، دەشڵێت، "نابینە بەشێك لە شەڕی ئەمریكا و ئێران، و بەردەوام دەبین لەسەر ئەو سیاسەتە".
ڕێبەر ئەحمەد، ئەمڕۆ یەكشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "داعش هێشتا هەڕەشەیەکی بەهێزە. ئەو رێکخراوە لەم دواییانەدا لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق و سوریا چالاکتر بوە، ئەوەش پێویستیی بە هەماهەنگیی زیاتری ئەمنیی هەیە بۆ ئەوەی تیرۆریزم لەناو ببرێت".
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمریكا و هاوپەیمانان جەختیان لە پاڵپشتی هەرێمی كوردستان كردوەتەوە و كوردستان بەشێكە لە هاوپەیمانی دژی تیرۆر و وەك ستراتیج لە ناوچەكە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكەن. ئەوانیش پابەندن بەو دۆستایەتیە.
لەبارەی گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، ڕێبەر ئەحمەد وتی، "پێشتریش لەكاتی جەنگی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران، هەوڵماندا عێراق و هەرێمی كوردستان نەبێتە بەشێك لەو شەڕەو بەردەوام دەبین لەسەر ئەو سیاسەتە".
دەشڵێت، "کوردستان نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ" و هەمیشە خوازیاری پەیوەندیی دۆستانە و سەقامگیرییە لەگەڵ دراوسێکانیدا.
ئەوە لەكاتێكدایە گرژیەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لە پەرەسەندی بەردەوامدایە و واشنتن بەردەوامە لە ناردنی هێزی سەربازی زیاتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كاتێكدا وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای كۆتا گەڕی دانوستانەكان ڕایگەیاند کە لەسەر "بنەما سەرەكییەكان" ڕێککەوتون.
لەلایەكی دیكەوەی جی دی فانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردەوە کە تاران دانی بەو "هێڵە سورانەدا" نەناوە کە دۆناڵد ترەمپ دیارییکردوە. سەرۆكی ئەمریكاش لە كۆتا لێدواندا ڕایگەیاند کە خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە بژاردەی ئەنجامدانی هێرشێكی سەربازیی سنوردار دژی ئێران.
