ڕێبەر ئەحمەد واژۆکردنی یاداشتێکی لێکگەیشتنی نوێی لەگەڵ ڕێکخراوی GIZـی ئەڵمانی ڕاگەیاند
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی ئۆکتۆبەری 2025، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە، ستایشی پەیوەندییە مێژوویی و پتەوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیای کرد و جەختی لەسەر گرنگیی هاوکاریی و پشتیوانییەکانی ئەو وڵاتە لە کاتە سەختەکاندا کردەوە. هاوکات، واژۆکردنی یاداشتێکی لێکگەیشتنی نوێی لەگەڵ ڕێکخراوی GIZـی ئەڵمانی ڕاگەیاند.
وەزیری ناوخۆ گوتی: "ئێمە ڕابردوویەکی دوور و درێژ و پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ئەڵمانیا هەیە و جێگەی خۆیەتی هەمیشە سوپاسی پاڵپشتی و هەماهەنگیی وڵاتی ئەڵمانیا و کونسوڵخانەکەیان لە کوردستان بکەین، کە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە ڕۆژانی سەختدا."
هەروەها ئاماژەی بە هاوکارییە سەربازی و مرۆییەکانی ئەڵمانیا کرد لە شەڕی دژی داعش، کە بە هاوکارییەکی "ڕاستەوخۆ و کاریگەر" وەسفی کرد بۆ پاراستنی کوردستان، پێشمەرگە و مرۆڤایەتی لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.
ڕێبەر ئەحمەد باسی لە پەیوەندیی پتەو و پێشکەوتووی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە ئەڵمانییەکانی وەک GIZ و THW کرد، کە لە بوارەکانی پەرەپێدانی توانای مرۆیی، هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران، و پشتیوانیکردنی کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ڕێکخراوانە لە ڕێگەی "ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان" (JCC)ـەوە چەندان پڕۆژەی گرنگیان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان جێبەجێ کردووە، وەک پڕۆگرامەکانی "قودرە" و "کاش فۆر وۆرک" (پارە بەرامبەر کار)، کە جێگەی دەستخۆشییە.
