ڕێنمایی حکومی بۆ پەلەکردن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی نوێی شاری سەدر و چارەسەرکردنی بەربەستەکان
ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، ڕێنماییدا بەپەلەکردن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی شاری سەدری نوێ و چارەسەرکردنی بەربەستەکان.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئاسایی لیژنەی باڵای پڕۆژەی شاری سەدری نوێی کرد.
وتیشی لە میانی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئەو بابەت و دۆسیانە کرا کە لە بەرنامەی کاردا هاتووە، لەوانە پێداچوونەوە بە ڕێکارەکانی لابردنی زیادەڕوی لە ناوچە دیاریکراوەکان بۆ دروستکردنی پڕۆژەکە و چاودێریکردنی کارە ژێرخانییە بەردەوامەکان کە لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکار و ئەمیندارییەتی بەغدادەوە ئەنجام دەدرێت.
ڕایشیگەیاند هەر لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بەو هەنگاو و بڕیارانە کرا کە گیراونەتەبەر بۆ پێشخستنی ئەم پڕۆژەیە بەپێی پلان و ستانداردە دامەزراوەکان، بە لەبەرچاوگرتنی گرنگییەکەی لە چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون، بەتایبەتی کە وەک مۆدێلێک بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دەبینرێت و لە بەغداد و زۆربەی پارێزگاکانی دیکە جێبەجێ دەکرێن.
سەرۆک وەزیران جەختی لە گرنگی بەردەوامیدان بە کارکردن لەسەر پڕۆژەکە بە خێرایی کردەوە، سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەتی ڕاسپار هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی هەر ناکۆکییەک یان کێشەیەک کە ڕێگری لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بکات و ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ دڵنیابوون لە تەواوبوونی.
هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی کرد بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ هۆکاری دواکەوتنی دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی بکات لە پێکهێنانی لیژنەی تەکنیکی و ئەندازیاری تایبەت بە دیاریکردنی تایبەتمەندیی تەکنیکی پرۆژەکە و پەسەندکردنی دیزاینەکان.
