ڕەشید نیگەرانی خۆی دەربارەی ئەو گرژی و توندوتیژیانەی شاری حەلەبی سوریای دەربڕی
د.لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆمار ئەمڕۆ پێنجشەممە دەربارەی ڕوداوەکانی شاری حەلەب ووتی بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری ئەو گرژی و توندوتیژیانەی شاری حەلەبی سوریای دراوسێی دەکەین
لە بەیاننامەیەکی سەرۆک کۆماردا سەبارەت بە ڕووداوەکانی حەلەب، کە دەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە، هاتووە: داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دانبەخۆیاندا بگرن و بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانە بۆ کێشەکان بکەن و خۆیان لە توندوتیژی بەدوور بگرن و کار بۆ وەستاندنی ئەو پێکدادانانە بکەن کە لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نییە و پشتیوانی تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ چارەسەری ئاشتیانە کە بنەماکانی پێکەوەژیان و قبووڵکردنی یەکتر پتەوتر بکات و جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا تەواوکەری یەکترن و دەبێت ئاشتی و دیالۆگ تاکە بژاردە بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەم دۆخە قەیرانەدا کە تێیدا هاوڵاتی مەدەنی و ژن و منداڵ دەبنە قوربانی.
ئێمە پشتگیری هەموو ئەو هەوڵانە دەکەین کە ئامانجیان کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی هەمیشەییە لە ناوچەکە.
