ژێرخانی کارەبای ڕۆژئاوای کوردستان بەهۆی بۆردوومانی تورکیا ڕووخاو سەدان گوند بێ ئاو و کارەبا بوونە
هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆسەری لە تەقبەی ڕۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان چڕترکردوەتەوە، جگە لە بەئامانجگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی، هەروەها ژێرخانی ناوچەکانیشی وێرانکردوە.
ئەحمەد عومەر دەڵێت، بەهۆى بۆردوومانکردنی وێستگەی کارەبای جەڕنیە، زیانی ملیۆن و نیوێک دۆلاری پێگەییشتووە و وێستگەکە لەکارکەوتووە، هەر لەبۆردوومانەدا پۆمپەکانی ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتیان سووتاون و بەهۆیەوە دانیشتوانی زیاتر لە 100 گوندی ناوچەکە بێ ئاو و کارەبا بوون و ئێستا لە دۆخێکی سەختدا دەژین.
ئەحمەد عومەر، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆسەری لە تەقبەی ڕۆژئاوای کوردستان دەشڵێت، "پێویستە لیژنەیەکی نێودەوڵەتی پێکبهێندرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەتاوانەکانی تورکیا و زیانگەیاندن بە ژێرخانی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا".
