کارەبا: وێستگە سەرئاوکەوتووەکە ٥٠٠ ملیۆن پێ سێجا غاز بۆ سیستەمەکە دابین دەکات
وەزارەتی کارەبا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستپێکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەی وێستگەی غازیی سەرئاوکەوتووی لە ناوچەی "خور ئەلزوبەیر" ڕاگەیاند، هاوکات یەکی حوزەیرانی داهاتووی وەک وادەی کۆتایی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە و دابینکردنی ٥٠٠ ملیۆن پێ سێجا غازی پێوانەیی بۆ سیستەمەکە دیاریکرد.
ئەحمەد مووسا، وتەبێژی وەزارەت بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: "پڕۆژەی وێستگە سەرئاوکەوتووەکە لە ئێستادا بەپێی دەسەڵاتێکی ئەنجومەنی وەزیران لە قۆناغی جێبەجێکردندایە، و بە کردەیی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای (Excelerate)ی ئەمریکیی پسپۆڕ کراوە بۆ ئەنجامدانی ئەرکی دامەزراندنی وێستگەکە و دابینکردنی غاز. ئاماژەی بەوەش کرد کە وێستگەکە لە ناو دەریادا لە بەرامبەر ناوچەی خور ئەلزوبەیر دەبێت، و ئەرکەکەی بریتییە لە پێشوازیکردن لەو کەشتیانەی کە غازی شلیان هەڵگرتووە و پاشان ڕاستەوخۆ دوای بەتاڵکردنی بارەکان، غازەکە بۆ سیستەمی کارەبا پەمپ دەکرێت.
مووسا وتیشی: وەزارەت بە تەواوی سەرجەم ئەو بۆرییە گوێزەرەوانەی تەواو کردووە کە وێستگەکە بە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەباوە دەبەستنەوە، و تەنها گەیشتنی وێستگەکە و دامەزراندنی لە شوێنی دیاریکراو ماوە.ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕێککەوتنەکە لەگەڵ کۆمپانیا جێبەجێکارەکە دابینکردنی ٥٠٠ ملیۆن پێ سێجا غازی پێوانەیی لەخۆدەگرێت، بێ ئەوەی وەزارەت دەستوەردان بکات لە سەرچاوەی غازەکە (جا لە ئەمریکاوە بێت یان قەتەر یان هەر شوێنێکی تر)؛ ئەمەش بۆ ئاسان دەستەبەرکردن لە دابینکردنی غازەکەدا.
جەختیشی کردەوە کە وادەی یەکی حوزەیران پابەندییەکی حکومییە و هەم وەزارەت و هەم کۆمپانیا جێبەجێکارەکە پێیەوە پابەندن. ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆبوونەوەیەک بە ڕێنمایی وەزیر و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی بەندەرەکانی عێراق ئەنجامدرا، کە تێیدا لەنگەرگای گونجاو بۆ کەشتییەکان دیاریکرا، و دڵنیایی درا لە قووڵیی کەناڵی ئاویی و ڕووبەری دەریایی، جگە لە تەواوکردنی تایبەتمەندییە هونەرییەکان و پێداویستییەکانی سەلامەتی و ئاسایش بۆ دەستەبەرکردنی بەڕێوەچوونی کارەکان بەبێ هیچ ڕێگرییەک
