کوردستان... حکومەت زەوی بەسەر وەزارەتێکدا دابەشدەکات
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند ، حکومەتی هەرێم فەرمانی پێدانی زەوی بۆ ژمارەیەكی دیكە لە ئەفسەر و پلەدارانی وەزارەتی پێشمەرگە دەرچوو.
ئەمڕۆ شەممە ، وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەندراوێكی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، دوا بەدوای گەڕانەوەی وەجبەی یەكەمی پێدانی زەوی بۆ ئەفسەران و پلەدارانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی بۆ پێدانی زەوی بۆ ٩ هەزار و ٥٧٩ ئەفسەر و پلەداری لیوا و یەكەكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە وەرگیراوە، بەم شێوەیەی خوارەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە هەر یەکە لە ئومرەی ئیدارەی ئەفسەران ١٣١ كەس، لیوای دووی پیادە ٧٠٨ كەس، لیوای چواری پیادە هەزار و ٤٠٠ كەس، لیوای ٧ـی پیادە هەزارو ٦٧٢ كەس، لیوای ١١ـی پیادە هەزار و ٦٧١ كەس، لیوای ١٢ـی پیادە هەزار و ٦٢٢ كەس، لیوای ١٧ـی پیادە هەزار و ١٩ كەس، لیوای ١٨ـی پیادە هەزار و ٤١٠ كەس
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، كۆی گشتی ٩ هەزار و ٥٧٩ كەس لەم وەجبەیە سوودمەند دەبن و پڕۆسەكە بەردەوامدەبێت و داوا لە هەموو ئەو هێز و یەكانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەكەین پەلە بكەن لە رێكخستن و بە داتاكردنی فۆڕمەكانیان و بەڕێكوپێكی ناردنیان بۆ لیژنەی زەویی وەزارەتمان و هاوكار بن لە جێبەجێكردنی ئەو رێنماییانەی بۆیان نێردراوە بۆ ئەوەی زۆرترین پێشمەرگە سوودمەندبێت لەم پڕۆسەیە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان.
