کوژرانی سەرکردەیەکی داعش لە سوریا
ئەمڕۆ هەینی، دەزگای دژە تیرۆر کوشتنی بەناو والی (ولایەتی خەیر و بەرەکە)ی تاقمی تیرۆریستی داعش، لەگەڵ دوو هاوەڵەکەی، لە شاری حەلەبی سوریا ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوێکی دژە تیرۆردا هاتووە ، "بە پشتبەستن بە زانیاری و هەوڵە ئەمنی و هەواڵگرییە چڕەکانی قارەمانانی دەزگای دژە تیرۆر، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆنێکی فڕۆکەیان لە قوڵایی ناوەوەی کۆماری عەرەبی سوریا، بە تایبەتی لە پارێزگای حەلەب ئەنجامدا. لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا ،کوژرانی یەکێک لە سەرکردە هەرە مەترسیدارەکانی داعشی تیرۆریستی لێکەوتەوە، لەگەڵ دوو لە هاوڕێکانی”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "بەپێی زانیارییە دروستەکان، ئەو تیرۆریستە پێشتر پۆستی (والی سەر بە پارێزگای فورات و ئەندامی لیژنەی وەفدکراو)ی بەدەستەوە بووە و لە ئێستادا بەناو والی (ولایەتی خەیر و بەرەکە)ی گروپی تیرۆریستی داعشە، ئەو ئامانجێکی ئاستی یەکەم و چالاک و زۆر کاریگەرە، هەروەها دەزگای هەواڵگریی دژە تیرۆریش دەستگیریکردووە،لەسەر فەرمانی دەستگیرکردن کە لەلایەن دادوەرێکی دەزگای دژە تیرۆرەوە دەرچووە".
لە بەیاننامەکەدا دووپاتی کردەوە کە "هێزە ئەمنییەکانمان و هەوڵە هەواڵگرییەکانیان بەردەوامن لە ئەرکە ستراتیژییەکانیان بۆ بەدواداچوون بۆ پاشماوەی گروپە تیرۆریستییەکان، چ لە چوارچێوەی سنوورە نیشتمانییەکان و چ لە قووڵایی هەڕەشە دەرەکییەکان".
