کۆمسیۆن: ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان ئەمڕۆ یان سبەی ڕادەگەیەندرێت
ئەمڕۆ یەکشەممە،کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان،ڕایگەیاند کە کۆتایی بەو وێستگانە هاتووە کە مابوون، و پێشبینی کرد ئەنجامە کۆتاییەکان ئەمڕۆ یان سبەی ڕابگەیەنرێن.
"جومانە غلای" وتەبێژی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆن، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی موتەڵع کەوتووه، تیایدا هاتووە : کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کۆتایی بەو وێستگانە هێناوە کە مابوون و دەنگەکانیان ژمێردراون، و سەرجەم ئەنجامەکان بە ڕێژەی 100% لەگەڵ جیاکردنەوە و ژماردنی دەستیدا یەکدەگرنەوە.
وتیشی: کۆمیسیۆن، ئەمڕۆ دەستی بە ژماردنی کورسییەکان و کورسییەکانی کۆتای ژنان و کۆتایی پێکهاتەکان کردووە، هەروەها نووسینگەکانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی ئەنجامەکان بۆ هاوپەیمانێتییەکان و پارتەکان و کاندیدەکان.
ئاماژەی بەوەشدا : کە پێشبینی دەکرێت ئەنجامە کۆتاییەکان ئەمڕۆ یان سبەی ڕابگەیەندرێن، و دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکان بە بڕیارێکی ئەنجومەنی کۆمیسیاران، کۆمیسیۆن دەرگای تانە لێدان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دەکاتەوە، کە لە ڕۆژی دواترەوە دەستپێدەکات ، هەروەها بڵاوکردنەوەی لە ماڵپەڕی فەرمی کۆمیسیۆن.
