کۆمسیۆن: لە 24 کاتژمێردا ئەنجامەکان ئاشکرا دەکەین
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی دەنگە تایبەت و گشتییەکان و وەرگرتنی تانەکانی ئاشکرا کرد.
جومانە غەلای، وتەبێژی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردوەتەوە “کۆمسیۆن ئامادەکارییەکانی بۆ ڕۆژی دەنگدانی گشتی تەواو کردوە”، ڕونیشیکردەوە “دەنگدانی گشتی سبەی کاتژمێر 7ی بەیانی دەستپێدەکات و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانیش کاتژمێر ٦ی ئێوارە لەکار رادەگیرێن.
بەوتەی غەلای ژمارەی ناوەندەکانی دەنگدان گەیشتوەتە 7 هەزار و766 ناوەند و زیاتر لە 80 هەزار بنکەی دەنگدان"، جەختیشی لەوە کردەوە کە "کارەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی باڵای ئەمنی بۆ هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەچێت، کە ئەرکی پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی لە ئەستۆیە".
ناوبراو راشیگەیاندوە بەپێی یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بۆ ساڵی 2023، ئەنجامی دەنگدانی گشتی و تایبەت لەیەک کاتدا ڕادەگەیەنرێت، ئەویش دوای کۆتاییهاتنی دەنگدانی گشتی و لەماوەی 24 کاتژمێردا، و دوای ئەوەش قۆناغی وەرگرتنی تانەدان دەست پێدەکات.
