کۆمسیۆنی هەڵبژاردن: هەموو ڕێکارمان گرتەبەر بۆ ئەوەی ئەو قسەو باسانەی کە پێشتر دەکرا ئەمجارە نەکرێت
مەروان مەحەممەد، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەندووە، ئێمە وەکو کۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەمو ڕێکارێکمان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی ئەو قسەو باسانەی کە پێشووتر دەکرا لە بارەی ساختەکارییەوە ئەمجارە بە هیچ شێوەیەک نەکرێت و دەرگاکانمان داخستووە، چونکە دەنگدەر تەنها دەتوانێت بە کارتی بایۆمەتری دەنگ بدات، کارتی بایۆمەتریش تەنیا بۆ ئەوانە کراوە کە سەردانی کۆمسیۆنیان کرد و خۆیان تۆمارکردوە و کارتی کورت خایەنی پێشوو کاری پێناکرێت.
وتیشی: "جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ڕێگای دەستی و ئەلیکترۆنیەوە دەکرێت و ئێمە وەکو کۆمسیۆن ڕێگا نادەین ساختەکاری بکرێت".
هەروەها ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن بە دەنگی ئەمەریکای وتووە، ”بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردو ئەتوانین بڵێن دەرفەتی کاری ساختە و تەزویر زۆرزۆر کەمە لەم هەڵبژاردنەدا، چونکە بە ئەزموونی بینینی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 تەنانەت لە هەڵبژاردنی 18ـی 12ـی 2023 بۆ ئەنجومەنی پاریزگاکان بە ڕاستی ئەو دەرفەتە زۆر زۆر کەم ماوەتەوە بۆ ئەوەی کاری ساختەکاری بکریت، گەر بشکرێت زیاتر لە دەنگدانی تایبەتدا و ئەویش ئەوەیە بتوانن هێزی ناوچەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بتوانن بخەنە سەر هەرێمی کوردستان دیسانەوە ئەوەش ئاسان نییە".
بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن دەشڵێت، "داخستنی تەواوی دەرگاکان بۆ ئەوەی ساختەکاری نەکرێت، کارێکی هەروا ئاسان نەبوە و ماندوبونێکی زۆری ویستوە و تێچوویەکی زۆر هەبو کە تەنها دەنگدەر بە کارتی بایۆمەتری دەنگ بدات".
ڕۆژی 26ـی حوزەیرانی 2024، بۆ پێنجەم جار سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کاتێکی نوێی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێم دەستنیشانکرد و بڕیاریدا هەڵبژاردنەکە لە ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 بەرێوەبچێت.
كلمات مفتاحية
- کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان
- کوردستان
- هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
- دەنگدان
- کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق
