کۆمسیۆنی هەڵبژاردن چوارکاندیدی ئەنجومەنی پارێزگاکان سزا دەدات
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق چوار کاندیدی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرەی بەپێبژاردنی سێ ملیۆن دینار سزادا، چونکە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن پارچە زەوییان بەسەر خەڵکدا دابەشکردبو و ئەوەش پێچەوانەی رێنماییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنە.
بە گوێرەی نوسراوێکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجومەنی کۆمسیاران لە رۆژی 28ی مانگی (کانونی یەکەم/12) ساڵی رابردو گفتوگۆ و پێداچونەوەیان بە ژمارەیەک تانە و سکاڵاکانی هەڵبژاردندا کرد.
ئاماژە بەوەشکراوە، بە بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیارانی هەڵبژاردنی عێراق هەریەکە لە ئەسعەد عەبدولئەمیر، ئوسامە عەبدوڵرەزا، موهەنەد جەعفەر و سەفا نەسیم کاندیدی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە بە بڕی سێ ملیۆن دینار سزا دەدرێن.
ئەوەشخراوەتەڕو، پرسی ئەم سزادانە ئاڕاستەی تیمەی وردبینی دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێری دارایی دەکرێت بۆ ئەوەی رێکاری تایبەتی بەرامبەر ئەو کاندیدانە بگیرێنە بەر.
لە نوسراوەکەی کۆمسیۆن باس لەوەشکراوە، بە پشبەستن بە ماددەی 10ی سیستمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ژمارە 2ی ساڵی 2023 و بڕگەی دوەمی ماددەی ٥ی سیستمی سکاڵا و تانەکانی ساڵی 2023 دراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو چوار کاندیدەی پارێزگای بەسرە لە کاتی بەرێوەچونی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق پارچە زەوییان بەسەر خەڵکدا دابەشکردوە.
