کۆمپانیای سۆمۆ: پێویستە سەرجەم کۆمپانیاكانی هەرێم نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکەن
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ڕایگەیاند، پابەندن بە ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم بۆ هەنارەكردنی نەوت و ئەو پڕۆسەیە بە شێوەی ئاسایی بەڕێوەدەچێت، سەرەڕای ئالەنگارییە لۆجیستییەکان و سنورداریی توانای کۆگاکردن، دەشڵیت، "هەرێم پابەندبونی خۆی بە بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە نوێ کردوەتەوە، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە پێویستە هەمو کۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێم، نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکەن".
کۆمپانیای سۆمۆ ئەمڕۆ یەكشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پابەندن بە ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم و بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامی پڕۆسەی بارکردن و پاراستنی ڕەوتی ناردنی نەوتی هەرێم بەبێ وەستان، بە جۆرێک کە بەردەوامی پڕۆسەی هەناردەکردن مسۆگەر بکات، سەرەڕای ئالەنگارییە لۆجیستییەکان و سنورداریی توانای کۆگاکردن و ئەو ڕوبەرانەی ئێستا لە بەندەری جیهانی تورکی لەبەردەستدان.
ئاماژەی بەوەشكرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە چەندین بۆنەدا پابەندبونی خۆی بە بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە نوێ کردوەتەوە، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە پێویستە هەمو کۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێم، نەوتە ڕادەستی سۆمۆ بکەن، جگە لەو بڕەی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە هەرێم تەرخانکراوە بەگوێرەی حوکمەکانی ڕێککەوتنی تایبەت بەم بابەتە.
كۆمپانیای سۆمۆ باسی لەوەشكردوە، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت پابەندبونی خۆی بە بنەماکانی شەفافیەت و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دوپات دەکاتەوە، بە جۆرێک کە سەقامگیری پڕۆسەکانی هەناردەکردن و بەرژەوەندی گشتی بپارێزێت.
