کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پشتیوانی خۆی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق کرد
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پشتیوانی خۆی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی مووچە دەردەبڕێت و جەختیش لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە (17ـی نیسانی 2024)، ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بەسەرپەرشتی عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵ لە شاری سلێمانی كۆبوەوە.
ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری لە دوای كۆبونەوەكە لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتیش عێراق، بە بارودۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕێت کە ئەوسەری دیارنییە و کۆمەڵی دادگەریی دەخوازێت کە هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی پارێزراو و دوربێت لە دەرهاویشتەو دەرەنجامەکانی ئەو بارودۆخە نوێیە ناوچەکەی تێکەوتوە.
جەختیشی كردۆتەوە كە "ئەرکی دەسەڵاتدارانی هەرێمە بەرپرسیارانە مامەڵە و رەفتاربکەن و کارێک نەکەن کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بخەنە دۆخێکەوە کە دەرەنجامی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە کە دواتر چارەسەری ئەستەم بێت".
ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق بۆ چارەسەرو کۆتاییهێنان بە کێشەو قەیرانی چەندین ساڵەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دووپاتكردۆتەوە.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵ جەختی لە بەڕێوەچونی پرۆسەکە كردۆتەوە لەو کاتەی کە دیاریکراوەو وتوشیەتی"دژی هەر جۆرە هەوڵ و هەنگاو و نیازێکین بۆ دواخستنی".
