کەسێک لە سلێمانی دەستگیرکرا کە بڕی 387 ملیۆن دیناری دزی بوو
کەسێک لە سلێمانی دەستگیرکرا کە بڕی 387 ملیۆن دیناری دزی بوو.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، لەلایەن مەفرەزەكانی بنکەی پۆلیسی زەڕایەنی سەر بە بەشی پۆلیسی شارەزوورەوە، تۆمەتبارێک دەستگیرکرا کە بڕی 387 ملیۆن دیناری دزی بوو.
ڕوونکرایەوە، دوای ئەوەی هاوڵاتییەک سکاڵای تۆمارکرد کە بڕی 387 ملیۆن دیناری لە ماڵەکەیدا لێ دزراوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكردو دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی بنکەی پۆلیسی زەڕایەنی سەر بە بەشی پۆلیسی شارەزوورەوە تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربکرێت و دەستیشبگیرێت بەسەر ئەو پارەیەدا كە تۆمەتبار دزیبووی.
پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستۆتەڕوو، تۆمەتبار (م، ع، ف) لەدایکبووی 1979 دانی بەتاوانەکەیدا ناوەو لەئێستادا بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 443 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.
