کەشناسی: پلەکانی گەرما دادەبەزن و بارانبارین تا کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت
ئەمڕۆ دووشەممە، دەستەی گشتیی کەشناسی، باری کەشوهەوای چوار ڕۆژی داهاتووی ڕاگەیاند و پێشبینیی دابەزینی پلەکانی گەرما و بەردەوامیی بارانبارینی کرد تا ڕۆژی هەینیی داهاتوو.
لە ڕاگەیەندراوێكی دەستەکەدا، کە گەیشتە دەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع: "سێشەممەی داهاتوو، کەشوهەوا لە نێوان نیمچەهەور و هەندێک جاریش هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارانبارینی مامناوەند کە هەورە تریشقەی لەگەڵدا دەبێت و لە هەندێک شوێنی ناوچەی باکوور بەخوڕ دەبێت. پلەکانی گەرما کەمێک لە ڕۆژی پێشووتر دادەبەزن و مەودای بینینی ئاسۆیی (6-8) کم و لە کاتی بارانباریندا (2-4) کم دەبێت."
ڕوونیشی کردەوە کە "بەرزترین پلەی گەرمی بۆ ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت: سلێمانی 12، هەولێر 14، دهۆک 15، کەرکووک و نەینەوا 16، سەڵاحەدین و دیالە و ئەنبار 17، بەغدا 19، واسیت و بابل 20، نەجەفی ئەشرەف و کەربەلای پیرۆز و دیوانیە و میسان 21، بەسڕە 22، و زیقار و موسەننا 23."
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە "ڕۆژی چوارشەممە، کەشوهەوا لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور نیمچەهەور دەبێت و لە ناوچەی باکوور هەور دەبێت لەگەڵ نمەبارانی هەورە تریشقەدار لە ناوچەی باکوور و بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور. پلەکانی گەرما نزیکن لە ڕۆژی پێشووتر و مەودای بینینی ئاسۆیی (6-8) کم و لە کاتی بارانباریندا (3-5) کم دەبێت."
ئەوەشی خستەڕوو، کە "پێنجشەممەی داهاتوو، کەشوهەوا نیمچەهەور دەبێت و لە هەندێک شوێنی ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوور هەور دەبێت لەگەڵ نمەبارانی پچڕپچڕ کە هەورە تریشقەی لەگەڵدا دەبێت. پلەکانی گەرما کەمێک لە ڕۆژی پێشووتر دادەبەزن و مەودای بینینی ئاسۆیی (6-8) کم دەبێت."
ڕوونیشی کردەوە، کە "باری کەشوهەوای پێشبینیکراو بۆ ڕۆژی هەینیی داهاتوو، کەشوهەوا بە گشتی هەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری بارانبارینی مامناوەند کە هەورە تریشقەی لەگەڵدا دەبێت لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوور، پاشان وردە وردە باشتر دەبێت. پلەکانی گەرما بە گشتی نزیکن لە ڕۆژی پێشووتر و مەودای بینینی ئاسۆیی (6-8) کم دەبێت."
