کەشناسی: کۆتایی هەفتە وڵات دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی بارانبارینەوە
دەستەی کەشناسی و بومەلەرزەزانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، پێشبینی کرد وڵات بۆ ماوەی دوو ڕۆژ (هەینی و شەممە) بکەوێتە ژێر کاریگەری دۆخێکی باراناوی.
دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە: "شیكارییە کەشناسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن وڵات بۆ ماوەی ڕۆژانی هەینی و شەممە دەکەوێتە ژێر کاریگەری دۆخێکی باراناوی، بڕی بارانبارینیش لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاواز دەبێت، بەجۆرێک لە شارەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات زۆرترین بڕی دەبێت، لەکاتێکدا لە شارەکانی ناوچەی باشوور بڕی کەمتر تۆمار دەکرێت".
هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە:: "ئەگەری بارانبارینی بەخوڕ لە ماوە جیاوازەکاندا لە شارەکانی باکوور و ناوەڕاستی وڵات هەیە، کە ئەمەش پێویستی بە وریایی و ئاگاداری هەیە، هەروەها بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرماوە پێشبینی بەفربارین دەکرێت لەسەر بەرزاییە شاخاوییەکانی هەرە باکووری وڵات".
ڕوونیشیکردەوە: "ڕۆژی هەینی با لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە دەبێت، پاشان ڕۆژی شەممە وردە وردە دەگۆڕێت بۆ باکووری ڕۆژئاوا بە خێراییەکی مامناوەند، کە لەگەڵیدا شەپۆلی تۆز و خۆڵ بە چڕییەکی مامناوەند دەبێت و زیاتر لە ڕۆژئاوای وڵات و بەشەکانی باشووری ڕۆژئاوا چڕ دەبێتەوە."
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "پێشبینییەکان ئاماژە بە شەپۆلێکی سەرما و سۆڵەی توند ناکەن، بەڵام دابەزینێکی بەرچاو لە پلەکانی گەرما لە ڕۆژی شەممەوە پێشبینی دەکرێت، کە لە ڕۆژئاوای وڵاتەوە دەست پێ دەکات و بە تدریج لە ڕۆژی یەکشەممەدا درێژ دەبێتەوە بۆ ئەوەی باقی شارەکانی دیکەش بگرێتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو: "کەشوهەوا لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممەدا بەرەو سەقامگیرییەکی ڕێژەیی دەچێت، لەگەڵ مانەوەی هەور لە باکووری وڵات، بەڵام لە شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممەوە دۆخێکی دیکەی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر وڵات دروست دەکاتەوە و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بە بارانبارینی جیاواز بەردەوام دەبێت.
